شاسوار عەبدولواحید: دەكرێت بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ببێتە مایەی خێر بۆ خەڵك

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەي نوێ داوا لە سەركردەكانی كورد دەكات خۆیان لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق بگونجێنن و نەوت بكەنە مایەی خێر بۆ خەڵكی كوردستان.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوە نوێ لە پەیامێكدا سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم رایگەیاندوە "یەكێتی و پارتی زۆر سەیرن، دەڵێن ئێمە چەندین ساڵ نەوت دەدزین كە نابێت پەرلەمان و هیچ لایەك ئاگادار بن، بەڵام كە كێشەمان تووشبوو بەرگریمان لێبكەن، بەڵام ئیمە وەك نەوەی نوێ بەرگری لە شتێك ناكەین كە ئاگامان لێی نەبێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "ئەگەر پڕۆسەی نەوت شەفاف بوو بەرگری لێدەكەین، بەڵام هەر ئەم دادگاییە پێشتر بە دەنگدانی پارتی و یەكێتی تێپەڕی ئەی ئەو كاتە بۆچی ئەو دوو حیزبە دەنگیان بۆ داوە و پرسیان بە كێ كرد؟، تەنانەت دوو دادوەریی پارتی و یەكێتیشی تێدایە".

شاسوار عەبدولواحید دەڵێت "ئەم بڕیارەش كۆتایی دنیا نییە، بەڵكو مانای كاری پێكەوەیی هەرێم و بەغدایە و دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی نەوت ببێتە لە بری دەرد و بەڵا ببێتە مایەی خێر بۆ خەڵكی كوردستان، ئەم بڕیارە وا دەكات عێراق و هەرێم هەماهەنگی بكەن بۆ چاودێری نەوت، بڕیارەكەش بواری تانەی تیا نییە، بەڵكو دەبێت خۆمان بگونجێنین و نەوت ببێتە مایەی خێر بۆ خەڵك".


 




PM:08:15:16/02/2022