نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داوا لە حكومەتی عێراق دەكات نرخی فرۆشتنی دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ بەهای پێشووی خۆی.
- ئەمڕۆ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی كۆبووەوە و گفتوگۆیان كرد لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و ئەمنی وڵات و گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەكان لەبارەی پێكهێنانی حكومەت و چۆنێتیی دەربازبوون لە قەیرانی ئێستا.
بەپێی راگەیەنراوی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە كۆبوونەوەكەدا نوری مالیكی، رایگەیاندووە، "گرنگە حكومەتی داهاتوو حكومەتێكی رێك بێت، توانای پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری هەبێت بە هاوڵاتییان، ئەو قەیران و كێشانە تێپەڕێنێت كە وڵات پێوەی گرفتارە".
مالیكی جەختی لەوەكردۆتەوە، جارێكی دیكە داوا لە حكومەت دەكەن نرخی فرۆشتنی دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ بەهای پێشووی خۆی، پێش ئەوەی لە بودجەی ساڵی 2021 دەنگی لەسەر بدرێت، هەروەها كار بكرێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بژێویی چینی مامناوەند و لاواز و خاوەن داهاتی سنووردار.