یەكێتی پێشنبینی دەكات بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندی ئەوان بێت


یەكێتی نیشتمانی  كوردستان پێشبینی دەكات بڕیارەكەی سبەینێی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دووبارە مافی خۆكاندیدكردن بۆ كاندیدانی سەرۆك كۆمار لەلایەن ئەو دادگایە هەڵبوەشێتەوە و لەبەرژەوەندی ئەوان بڕیار بدرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی باڵای مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە دةست (سپی) كەوتووە، پێشبینی ئەوان بۆ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندی خۆیانە و وتی "ئەوەندەی زانیاریمان لە دادگاكەوە پێگەیشتبێت سبەینێ دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندی ئێمە بڕیار دەدات و مافی دووبارە خۆكاندیدكردن بۆ پاڵێوراوانی سەرۆكایەتی كۆمار رەتدەكاتەوە، بۆیە ئەگەر بڕیارەكە لەبەرژەوەندی ئێمە بێت ئەوا جارێكی دیكە سەرۆكایەتی كۆمار مسۆگەر دەكەینەوە".

ئەو سەرچاوەیە روونیكردەوە، ئەگەر بڕیارەكەش لەبەرژەوەندی ئەوان نەبێت، ئەوا لەگەڵ كاندیدەكەی پارتی دەڕۆنە كێبڕكێوە و لەپەرلەمانی عێراقدا یەكلایی دەبێتەوە كێ دەیباتەوە، ئەگەر ئەوانیش دۆڕاندیان ئەوە حاڵەتێكی ئاساییە، گرنگ ئەوەیە تا كۆتایی شەڕ ئەو پۆستەیان كردوە و ملیان بۆ داواكاری پارتی نەداوە.

بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق یەكێتی بەرهەم ساڵحی كاندیدكرد، پارتیش هۆشیار زێباری، دواتر لەلایەن سێ پەرلەمانتاری یەكێتی و پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ لەپەرلەمانی عێراق لە دادگای فیدراڵی تانە لە كاندیدبوونی زێباری درا بە تۆمەتی ئەوەی كەیسی گەندەڵی لەسەر بووە، دواجاریش دادگا بڕیاریدا بە دورخستنەوەی زێباری لە كاندیدبوون، پاشان پارتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو پۆستە كاندیدكرد.



PM:07:08:22/02/2022