شارەزایەكی بواری كەشناسی رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو شەپۆلێكی باران و بەفربارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت رۆژانی ھەینی و شەممەی داهاتوو هەرێمی كوردستان بكەوێتەوە ژێر كاریگەری ھەردوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و سوور بەشێوەیەكی مامناوەند شەپۆلێكی تاو تاوی بەھارەی بارانبارین و ھەورە تریشقە ناوچەكە دەگرێتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو شەپۆلە زیاتریش كاریگەری لەسەر ناوچەكانی پارێزگای دھۆك و ھەولێر و ئیدارەی راپەرین دەبێت، لەسەرجەم ناوچەكاندا كاریگەریەكی مامناوەندی دەبێت و بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەكاندا دەبارێت.
ئاراس جەبار، روونیكردۆتەوە لە نیوەی یەكەمی سەرەتای مانگی ئایندەشدا ئەگەری ھاتنی شەپۆلی زۆر باشی بارانبارین بە ئاراستەی ناوچەكە لە ئارادا ھەیە.