بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە پێویستی گەنم روونكردنەوە دەدات

 بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەشی پێویستی گەنم لە كۆگاكاندا هەیە و مانگانە ئارد لە وادەی خۆی دابەش دەكرێت بەسەر هاوڵاتیاندا.  

 

ئەمڕۆ ٢٥ی شوبات هەینی، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "مانگانە ئارد لە وادەی خۆی دابەش دەكرێت بەسەر هاووڵاتیاندا و بەشی پێویستی گەنم لە كۆگاكاندا هەیە تا دەگەینە وەرزی نوێی گەنم وەرگرتن".

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە، "لەسەرجەم شارەكانی كوردستان دەستكراوە بە دابەشكردنی بەشە خۆراكی یەكەم بۆ ساڵی نوێ و لە ڕێگای بریكارەكانەوە دەگاتە هاووڵاتیان".  

 

 ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی روونیكردۆتەوە، بەشە گەنمی یەكەم بۆ ساڵی نوێ چەند ڕۆژێكە بەردەوام دەگاتە سایلۆكانی هەرێم و لە هەفتەی داهاتوو دەنێرێتە ئاشەكان و لە ڕێگای بریكارەكانەوە  بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەكرێت

 

راگەیەنراوەكەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی لە كاتێكدایە بەهۆی هێرشی روسیاوە بۆ سەر ئۆكرانیا ترس لای بەشێك لە هاوڵاتیان دروستبووە بەوەی كێشە بۆ خۆراك بەتایبەتیش گەنم دروست ببێت، بەو پێیەی ئۆكرانیا وڵاتێكی سەرەكی بەرهەمهێنەری گەنمە.




PM:09:51:25/02/2022