سبەینێ دادگای فیدراڵی بڕیار سەبارەت بەدووبارە كاندیدبونی سەرۆك كۆمار دەدات

بڕیارە سبەینێ دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری كۆتایی سەبارەت بە دووبارە كاندیدبوونەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بدات.

هەفتەی رابردوو دانیشتنی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر داوایەكی بەسام خەسان، پەرلەمانتاری عێراق بەڕێوەچوو كە تانەیەكی لە بڕیاری محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان دابوو بەوەی بۆ دووەمجار دەرگای كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كردبووە، لە كاتێكدا بەپێی دەستوور، تەنها جارێك دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەكرێتەوە، بڕیارە سبەینێ دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی لەو بارەیەوە بدات.

پێشتر چەند كەسێك خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدكردبوو لە دیارترینیان بەرهەم ساڵح، لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هۆشیار زێباری، لە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەش ململانێیەكی نوێی لەنێوان پارتی و یەكێتی دروستكرد كە هەردوولایان دوای گفتوگۆكردن نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر ئەو پۆستە، بۆیە دوو كاندیدی جیاوازیان پێشكەشكرد.

دواتر دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵای سێ پەرلەمانتاری یەكێتی و پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق، مافی خۆكاندیدكردنی لە هۆشیار زێباری سەندەوە، دواتر پارتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدكرد.




PM:11:36:28/02/2022