٢١ پەرلەمانتار لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە راگەیاندنێکیان بڵاوکردەوە

٢١ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەراگەیەنراوێکی هاوبەشدا داوا دەکەن بەمەبەستی  یەكلاكردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق، حكومەتی هەرێم پەلەبكات لە ناردنی شاندێكی باڵا بۆ بەغدا تا چیتر خەڵكی كوردستان باجی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نەدات.

لە ڕاگەیاندراوێکدا کە دانەیەکی بۆ سپی نێردراوە، داواش دەکەن حكومەتی هەرێم پەلەبكات لە دابەشكردنی موچە و لەماوەیەكی دیاریكراودا تەواوی موچەی موچەخۆران دابەش بکات.

راگەیاندراوی (٢١) پەرلەمانتاری كوردستان:

ئێمەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، كە لە خوارەوە ئیمزامانكردووە، داوادەكەین:

1- حكومەتی هەرێم پەلەبكات لە ناردنی شاندێكی باڵا بۆ بەغداد بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی هەرێم لەگەڵ بەغداد، بەتایبەتی دوای ئەو دۆخەی بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فپدراڵییەوە دروستبوە و هەرێم روبەروی قۆناغێكی دیكەی قەیرانی ئابوریی و سیاسیی بوەتەوە.

2- چیتر خەڵكی كوردستان باجی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و ناشەفافییەتی داهات و كێشەی نەگەڕاندنەوەی داهاتەكان بۆ خەزێنەی گشتیی نەدەن و حكومەتی هەرێم پەلەبكات لە دابەشكردنی موچە و لەماوەیەكی دیاریكراودا تەواوی موچەی موچەخۆران بدات.

3- چەند جارێك لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان-ەوە داواكراوە دانیشتنی پەرلەمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم بكرێت، بەڵام  بەهۆكاری جیا جیا ئەنجامنەدراون، یان ئەنجامیان نەبوە، بۆیە داوادەكەین لە چەند رۆژی داهاتودا شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بێتە پەرلەمان و داهاتەكانی كوردستان و كێشەكانی بەردەم كۆكردنەوەی داهاتەكان و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بۆ پەرلەمانتاران و خەڵكی كوردستان رونبكەنەوە و چیتر نەوت و سیاسەتی نەوتیی هەرێم و ناكۆكییەكان لەگەڵ بەغداد، نەبنە هۆی نەهامەتیی و دروستكردنی قەیران بۆ خەڵكی كوردستان، بەپێچەوانەوە لە هەر دانیشتنێكی داهاتوی پەرلەمان دا، فشار دروستدەكەین ئەگەر ئەولەویەتی بەرنامەی كارەكەی موچە و ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان نەبێت.

ئیمزاكان:

1- مەم بورهان قانع.

2- عەلی حەمەساڵح.

3- لوقمان وەردی.

4- ئەبوبەكر هەڵەدنی.

5- شیرین یونس.

6- یاسین خدر تەها.

7- دیاری ئەنوەر.

8- دابان محەمەد.

9- سەركۆ ئازاد گەڵاڵی.

10- شیرین ئەمین.

11- ئاشنا عەبدوڵلا.

12- جەلال محەمەد ئەمین.

13- شەمۆل ئاشتی سابیر.

14- سیروان بابان.

15- گۆران عومەر عەلی.

16- روپاك ئەحمەد.

17- شنۆ ئەشقی سورچی.

18- مەلا ناصر.

19- بەدریە ئیسماعیل.

20- هاوڕێ‌ مەلاستار.

21- هێرش فەقێ‌ حەسەن.




PM:09:27:04/03/2022