سکرتێری حزبی کۆمۆنیست کرێکاری کوردستان لە پەیامێکدا ڕەخنە لە بڵاوکراوەکەی دوێنێی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت" بارزانی زۆر رۆشن پێمان دەڵێت، کە خۆی بە بەرپرس نازانێ".
عوسمان حاجی مارف سکرتێری حزبی کۆمۆنیست کرێکاری کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" مەسرور بارزانی بۆ یادی راپەرین دەڵێت، پێویستە خەڵکی کوردستان بە هەمان گوڕوتین بەرگری لە مافە رەواکانیان بکەن، پرسیار ئەوەیە خەڵکی کوردستان ئەو مافە رەوایە لە کێ داواکەن؟".
ئەوەشی خستەڕوو، جا مەبەستی هەرکەس و لایەنێک بێت، بەڵام زۆر رۆشن پێمان دەڵێت، کە خۆی بە بەرپرس نازانێ، چونکە دەسەڵات و حکومەتەکەی زۆر بە گوڕوتین و ئەوپەری نائینسانی بونیانەوە، وەڵامی نارەوای توندیان بە نارەزایەتیەکانی خەڵک داوەتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا عوسمان حاجی مارف دەڵێت" ئێستا گرنگترین مافی رەوای خەڵک کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی هێزی میلیشیای پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکانیان، فەرمون وەڵامی ئەم مافە رەوایە بدەنەوە".
دوێنێ لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا باسی لەوەکرد، پێویستە هێز و لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، بە هەمان گوڕ و تینی کاتی ڕاپەڕین، بەرگری لە دەسکەوت و مافە ڕەواکانیان بکەن، بە هەموو شێوەیەک، داکۆکی لە مافە دەستورییەکانی خۆمان دەکەین و کوردستان وەک نمونەیەکی گەشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و بە یەکەوە ژیانی ئاشتییانەی گشت پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.