چەند بڕیارێكی نوێ لەبەرژەوەندی خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەكان پەسەندكران


وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی حكومەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێكی نوێیان لەبەرژەوەندی خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەكان پەسەند كردووە لەگرنگترینیان "كردنەوەی ڕێگای هەناردەكردنی پەلەوەر بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق". 

رابەر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی  سامانی ئاژەڵی و فێتێرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە، لە پێناو كەمكردنەوی نرخی عەلەف لەبازاڕەكان و پاڵپشتی و بەردەوامی خاوەن پڕۆژەكان، لەگەڵ لێژنەیەك لە ئەنجومەنی وەزیران كۆبونەوە و چەند بڕیارێكی گرنگیان لە پێناو بەرژەوەندی و سوودی خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەكان پەسەندكردووە.

ناوبراو وتی "لێژنەیەكی هاوبەش پێكهێنراوە بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتمان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەم نزیكانە سەردانی بەغداد دەكەن، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كردنەوەی ڕێگای هەناردەكردنی پەلەوەر بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق و تاوتوێكردنی كێشە پەیوەندیدارەكان، بڕیاردرا لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هاوردەكردنی پێكهاتەكانی عەلەف درێژەی پێبدرێ".

رابەر محەمەد ئاماژەی بەوەكردووە "رێگەدان بە هاوردەكردنی گەنمی شكاو بۆ لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بكرێت بەعەلەف، تەنها خاوەنی پڕۆژە پەلەوەریەكان دەتوانن عەلەف هاوردە بكەن، بەپێی مۆلەت و توانای پڕۆژەكانیان و مەرج و رێكارە یاساییەكان، بەپێی مەرج و رێنمایەكانی كەرەنتینەكانی كشتوكاڵی".




PM:10:22:06/03/2022