شارەزایەكی كەشناسی رایدەگەیەنێت "لەسبەینێوە شەپۆلێكی دیكەی باران و بەفر بارین روو لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و تا رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت".
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاندووە "لە ئەنجامی بەردەوامی كاریگەریەكانی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و ھاتنی بارستە ھەوایەكی سارد، سبەینێ لە كاتەكانی بەرەبەیان شەپۆلێكی دیكەی پچرپچری بارانبارین ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەتایبەت لەناوچە شاخاویەكانی سنوری پارێزگای دھۆك و ھەولێر كاریگەری زیاتر ئەبێت و پلەكانی گەرما بەرێژەی ٢ تا ٤ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لە ئەنجامی كاریگەری ئەو بارستە ھەوا ساردەی روو دەكاتە ناوچەكە كاتەكانی دوای نیوەرۆ بۆ شەو خێرایی با لەسەر ناوچەكە ناو بەناو چالاك دەبێتەوە بەخێرای ٢٠ تا ٣٥ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە، لە ئەنجامدا شەپۆلێكی خۆڵبارینیش دووبارە ناوچەكە دەگرێتەوە".
ئاراس جەبار روونیكردۆتەوە "سەبارەت بە بەفر بارین لە ئەنجامی نزمبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما لە كاتەكانی شەودا ئەگەری بارینی بەفر لە سنوری ھەندێ لە قەزا و ناحیەی ناوچە شاخاویەكاندا ھەیە كە بەرزیان زیاترە لە ١١٠٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە و كاریگەری بەشێوەیەكی پچر پچر تا پێش نیوەرۆی رۆژی شەمە ١٢-٣-٢٠٢٢ دەخایەنێت".