"ئەمشەو شەپۆلێكی باران و بەفر، هەرێم دەگرێتەوە"


شارەزایەكی كەشناسی رایدەگەیەنێت "پێشبینی دەكرێت ئەمشەو شەپۆلێكی باران بارین روو لە هەرێمی كوردستان بكات و لە ناوچە شاخاوییەكانیش بەفر دەبارێت".

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاندووە "لە ئێستادا بەگوێرەی نەخشەی راستەوخۆی مانگە دەستكردەكان كاریگەری شەپۆلێكی بەفر و بارانبارین كە بارستە ھەوایەكی ساردی لەگەڵدایە گەیشتۆتە رۆژئاوای عێراق لە ئەنجامدا بووەتە ھۆی چالاكبوونی بەرچاوی خێرای با و دروستبوونی شەپۆلێكی چری خۆڵبارین كە بە ئاراستەوەیە بەرەو ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان و لە كاتەكانی ئایندەدا بەتایبەت شەو ناوچەكە دەگرێتەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "شەپۆلەكە خۆی لەبارانبارینی پچر پچر و مامناوەند لەگەڵ بارینی بەفر لە سنوری ناوچە شاخاویەكاندا دەبینێتەوە و كاریگەری شەپۆلە خۆڵبارینەكەش كاتی شەو بەچری ھەر لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا دەگاتە ناوچەكانمان و بەرەبەیانی سبەی شەمە كاریگەری كەم دەبێتەوە و لەكاتەكانی ئێوارەدا بە یەكجاری كۆتای پێدێت".

ئاراس جەبار رونیكردۆتەوە "بەگشتی بەھۆی كاریگەری ئەو بارستە ھەوا ساردەوە پلەكانی گەرما بۆ ئەمشەو و سبەی بەرێژەی ٣ تا ٥ پلە نزم دەبنەوە كەش تا رادەیەك ساردتر دەبێت، بەفریش لە بەرزایەكانی ١١٠٠ مەتر زیاتر ئەگەری بارینی دەبێت".




PM:02:16:11/03/2022