لێدوانی باڵیۆزی ئێران لە عێراق سەبارەت بە هێرشی وڵاتەكەی بۆ هەولێر


ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا رایدەگەیەنێت "َولاتەكەی ڕێز لە سەروەری عێراق و یەكپارچەیی خاكەكەی دەگرێت و هێرشە موشەكییەكەی ئەم دواییەی هەولێریش دژی سەروەری عێراق نەبوو، ڕێگەش نادەین هەرێمی كوردستان ببێتە بنكەیەكی ئیسرائیلی".

ئیرەج مەسجدی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەم هێرشەی بۆ سەر هەولێر ئەنجامدراوە هاوشێوەی ئەو هێرشەیە كە كرایە سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد و لەوەڵامی تیرۆركردنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشوی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەم هێرشە بەئامانجی سەروەریی عێراق نەبوە، بەڵكو ئەمریكیەكان كە خاكی عێراقیان داگیر كردوە سەروەری عێراقیان بەئامانج گرتوە". 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ناتوانین دەستبەرداری ئاسایشی وڵاتەكەمان بین و بۆ ئەو بابەتەش چەندینجار بەرپرسانی هەرێمی  كردستانمان ئاگادار كردوەتەوە، ئێمە دەمانەوێت عێراق ڕێگری لە چالاكی ئیسرائیل بكات كە ئاسایشی ئێمە بكاتە ئامانج، بەڵام ئەگەر كار نەكات ئێمە هەنگاو دەنێین و ڕێگەش نادەین كوردستانی عێراق بكرێتە بنكەیەكی ئیسرائیلی لەناوچەكەدا".

مەسجدی وتویەتی "لەو هێرشەی سوپای پاسدارانی ئێران، ئامانجمان بەزاندنی سەروەری خاكی عێراق نەبو، بەڵكو ئیسرائیلیەكان و ناوەندی مۆسادمان كردە ئامانج".




PM:05:57:14/03/2022