حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە بە دروستكردنی مۆنۆمێنتێكی گەورە و هۆڵێك بۆ پارێزگای هەڵەبجە.
عەبدوڵا حاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، دوا بەدوای هەوڵەكانی وەزارەتەكەیان بۆ نۆژەنكردنەوە و فراوانكردنی مۆنۆمێنتی یادگاری شەهیدانی هەڵەبجە و دروستكردنی مۆنۆمێنتێكی نوێ كە لەئاست قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەدا بێت، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربری لەسەر نۆژەنكردنەوەی مۆنۆمێنتی ئێستا و دروستكردنی هۆڵێك و دروستكردنی مۆنۆمێنتێكی گەورە و فراوان لەسەر روبەری ٤۷ دۆنم زەوی تەرخانكراو كە تیایدا سەرجەم بەڵگەنامەكان و یادگارییەكان و كەلوپەلەكانی پاشماوەی كیمیابارانی تێدا نمایش بكرێت.
سبەینێ ساڵیادی 34 ساڵەی كیمیابارانی پارێزگای هەڵەبجەیە و سبەینێش تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێم تایبەتە بەو پارێزگایە.