د. مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری ناسراوی كورد رایدەگەیەنێت "دۆخەكە بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەگەر داواكارییەكانی ئێران جێ بەجێ نەكرێت ڕەنگە ئەمجارە توندتر هێرش بكاتە سەر هەرێم"، هەروەها دەڵێت "من بوومایە لەبری حكومەتی هەرێم، كونسوڵی ئێرانم لە هەولێر دەردەكرد، ئەو ئیشی چیە لە هەولێر لە وڵاتەكەیەوە بە موشەكی بالستی لێمان دەدرێت".
د. مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری كورد بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە "كورد دەبێت یەكگرتوو بێت كە بە داخەوە یەكگرتوو نیە، دەبێت هەڵوێستی هەبێت، لەسەر مووشەكەكانی ئێران من حكومەتی هەرێم بم كونسوڵی ئێران لە هەولێر دەردەكەم، چونكە ئەو كونسوڵی وڵاتێكە كە بە ساروخی بالستی لێمان دەدات كەواتە ئیشی چیە لە هەولێر؟! بەڵام بەداخەوە حكومەتی هەرێم و ئەوانە هیچ هەڵوێستییان نیە، هەر بەیانات و شتی وایە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ڕاستە حكومەتی هەرێم توانای ڕووبەڕووبونەوەی ئێرانی نییە ئەوە دروستە، بەڵام مادام توانا و دەرەقەتی ئێرانی نیە با مەرحەبایی بكات، لەگەڵی ڕێك بكەوێت، ئێ نە ڕێك دەكەوێت لە گەڵی نە بەرەنگاریشی دەبێتەوە، واتە ئەو دۆخەی بۆی دروستكردووە زۆر خراپە".