ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن راگەیاند و دەڵێن، لە ئەگەری دابەشنەكردنی موچەی مانگی سێ لەسەرەتای مانگی چواردا ناڕەزایی و هەڵوێستی توندی مەدەنیانە دەگرنەبەر.
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، لەڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و پەروەردەییان، ئەم چەند خاڵە دەخەنەڕوو "پێویستە سەرجەم چین و توێژاكانی كۆمەڵگا هاوتەریب ، دژ بە ستەم و زۆرداری و كاولكاری دەسەڵات بوەستنەوە، دەسەڵات چیتر لەهەوڵی پەكخستن و بێ بەهاكردنی پەروەردەدا نەبێت و بەزووترین كات وەڵامی خواستە هەنوكەییەكانی مامۆستایان بداتەوە لە (پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان وفەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ، دابەشكردنی موچەلەكاتی خۆیدا)".
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ئاماژەی بەوەكردوە "وەك هەمیشە داكۆكیكار و پشتیوانی هەموو هەڵوێستێكی خۆرسكانە و مەدەنیانەی سەرجەم مامۆستایان دەبین، لایەنە پەیوەندیدارەكان و خەمخۆران ئاگادار دەكەینەوە كە لەئەگەری دابەشنەكردنی موچەی مانگی سێ لەسەرەتای مانگی چواردا ناڕەزایی و هەڵوێستی توندی مەدەنیانە دەگرینەبەر، ڕێگاكانی فشاریشمان لەكۆبوونەوەیەكی فراوانی مامۆستایاندا ڕادەگەیەنین".
سبەینێ دەوامی قوتابخانە و خوێندنگەكان لە هەرێمی كوردستان دەست پێدەكاتەوە كە مانگی رابردوو بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە لە ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی بایكۆتی دەوام دەستی پێكرد.