بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت "حكومەتی هەرێم پرسی بۆ دواخستنی مووچە و سەرجەم سێكتەرەكان ڕووی لە داڕمانی یەكجاری كردووە، بەواقیعیش شكستی هێناوە، ئەم جۆرە حكومەتدارییە پڕاو پڕە لە ستەم و نادادپەروەری و كەمتەرخەمی".
چۆمان محەمەد، رێكخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە "یەكەم: حكومەتی هەرێم كە دیارە كێی خۆی كردووە بەخاوەنی، سەرباری بوونی دوو ئیدارەیی، پرسی دواخستنی مووچەو سەرجەم سێكتەرەكان ڕووی لە داڕمانی یەكجاری كردووە، بەواقیعیش شكستی هێناوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەكردوە "لە پاڵ نەبوونی ئیرادە بۆ چاككردنی دۆخەكە، ئەو هێزە دەسەڵاتدارانە، رازی نین هیچ لایەنێكی دیكەش هەڵوێست وەربگرێت و نقەی لێوەبێت، كە ئەمە بۆ سروشتی هەندێك حیزب و بنەمای كاركردنی ئەستەمە".
چۆمان محەمەد وتویەتی "بەڵێ بەڕوون و راشكاوی دەیڵێین ئەم جۆرە حكومەتدارییە پڕاو پڕە لە ستەم و نادادپەروەری و كەمتەرخەمی، نەبونی دڵسۆزی و خەمخۆری و خزمەتگوزاریەكان، هەر كەس و لایەنێكیش پارێزگاری و ستایشی ئەم شێوازەی حكومڕانی بكات بەرپرسیار دەبێت".