جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وەڵامی پەیامەکەی ئەمڕۆی پارتی دەداتەوە و دەڵێت" بڕیاری تاكڕەوانە بە نەهامەتی بۆ خەڵكی كوردستان شكاوەتەوە، پێویستە پارتی ئەزموون لە هەڵەكانی ساڵانی ڕابردوو وەربگرێت".
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە وەڵامی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند" ئەزموونی ساڵانی ڕابردووی هەرێمی كوردستان ئەو ڕاستییەی سەلماندووە هەموو ئەو بڕیارانەی بە تاكڕەوی حزبی دراون، سەرئەنجام بڕیاری سیاسی بن یان ئابوری، بە نەهامەتی بۆ خەڵكی كوردستان شكاوەتەوە، باشتروایە پارتی لەم حەقیقەتە تێبگات و ئەزموون لە هەڵەكانی ساڵانی ڕابردوو وەربگرێت".
یەكێتی پێیوایە هەڵبژاردن پرسێكی نیشتمانییە و پێویستی بە سازانی هێزە سیاسییەكانە، وەردی لەو ڕووەوە وتی" ئێمە مكوڕین لەسەر ئەوەی دەبێت هەمواری یاسای هەڵبژاردن بە سازانی تەواوی هێزە سیاسییەكان بێت".
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا داوا دەکات، کە پارتی بێتە ژێرباری ئەوەی بەیەكەوە هەموواری یاسای هەڵبژاردن بكەن و لەڕێیەوە" هەرێمی كوردستان دابەشی چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن بكەین، تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە، بەشێوازێك كورسی كۆتا و پێكهاتەكان ڕێكبخەینەوە كە خزمەت بە پرۆسەی دیموكراسی و سیاسی لە هەرێمی كوردستان بكات".
پێشتر، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکردبوو، دەبێت برادەرانی یەكێتی بزانن، نە هەولێر بەغدایە و نە پەرلەمانی كوردستانیش پەرلەمانی عێراقە تا بتوانن بە یەك لەسەر سێی پەكخەر، پەرلەمان پەك بخەن، ئێمە ڤیتۆمان نییە لەسەر هیچ پڕۆژەیەك بۆ هەموارەكانی یاسا و كۆمسیۆن، بەڵام ئەگەر ئەم هەڵسوكەوتانە بەردەوام بن، ئێمەش زۆرینە بەكاردەهێنین بۆ هەموارەكان.