ئازاد محەمەد: كەمبوونەوەی داهات لە مانگەكانی (1 و 2) بەهۆی سەرما و سیانزە وەدەر بوو


سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هۆكارەكانی كەمبوونەوەی داهات لە مانگەكانی (1 و 2) بەهۆی سەرما و سیانزە وەدەری ئێرانەوەیە و نەمانی پارەی كاشە لە بانكەكاندا كارەساتە.

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندوە "ئێمە ناڵێین داهات نیە لە سلێمانی، داهات لە مانگی 1 بەهۆی سەرماو سۆڵەوە كەمیكرد، لە مانگی 3 بەهۆی سیانزە وەدەری ئێرانەوە، جوڵەی بازرگانی لە دەروازەكان كەمیكرد، جوڵەی بازرگانی لە دەروازەكانی سلێمانی كەمبووەتەوە و گواستراوەتەوە بۆ دەروازەكانی تر، بۆ نموونە لەمانگی 2، نزیكەی 8 هەزار بارهەڵگر لە دەروازەی باشماخ چووەتە ژوورەوە، لە كاتێكدا نزیكەی 22 هەزار بارهەڵگر لە دەروازەی حاجی ئۆمەران چووەتە ژوورەوە، ئەمانە كاریگەریان لەسەر داهاتی سلێمانی هەبووە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "6 هەزار كۆمپانیا لەهەموو سنوری سلێمانی باج و رسومات دەدات، لەكاتێكدا 12 هەزار كۆمپانیا لەهەولێر باج و رسومات دەدەن، كەواتە باج و رسوماتی هەولێر دوو هێندەی سلێمانیە، یاخود داهاتی حاجی ئۆمەران بەپێی بەدواداچوونەكانی ئێمە، سێ هێندەی داهاتی باشماخە."

ناوبراو هۆكاری گرفتەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ نەبوونی پارەی كاش لە بانكەكانی سنوری پارێزگاكە و ئیدارە سەربەخۆكانی دەوروبەری گێڕایەوە و وتی "سێ ڕۆژە بانگەشەی نەمانی دەرمان دەكرێت، توشبووانی شێرپەنجە لەمانگی 12 ەوە ، دەرمانیان وەرنەگرتووە، ئەمە كارەساتێكی گەورەیە و كارەساتی تریشی بەدوادا دێت، كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خاشاك لە سنوری 21 شارەوانی كارەكانیان ڕاگرتووە، چونكە پارەیان پێنادرێت، بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی دارایی، دەبێت 60% پارەكانیان بدرێتە كۆمپانیاكان و 40% بۆ پاشەكەوت بكەن، لەكاتێكدا لەگرێبەستەكانیاندا شتی وانیە".




PM:05:12:07/04/2022