یاروەیس: دەرفەتێكی نوێ بۆ رێككەوتنی هەرێم و عێراق رەخساوە


پەرلەمانتارێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت "دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئەو گفتوگۆیانەی لەداهاتوو بۆ پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵ دێنە پێشەوە، هاوكات بڕیاری دادگای فیدراڵ لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم، دەرفەتێك دەڕەخسێنێ بۆئەوەی رێكەوتنێكی تازە لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجام بدرێت".

كاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق بە میدیای حیزبەكەی راگەیاندووە "ئێستا دەرفەتێكی تازە بۆ رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هاتۆتە پێشەوە، بۆ ئەوەی كۆتایی بەو كێشەو گرفتانە بهێندرێت كە ماوەیەكی زۆرە لەبارەی دۆسییەی نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێم لە نێوان هەردوولا بەهەڵواسراوەیی ماوەتەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ لەبارەی نادەستووری بوونی دۆسیەی نەوتی هەرێم، هاوكات قۆناغی دوای هەڵبژاردنی10/10ی ساڵی رابردوو وایكردووە گفتوگۆی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و عیراقی فیدراڵ دەستپێبكاتەوە، تاكو لەسەر ئەو بنەمایانە رێكەوتنێكی تازە ئەنجام بدرێت".

یاروەیس روونیكردەوە "بۆ ئەوەی كورد لەو قۆناغە سەركەوتوو بێت و گفتوگۆكان لەبەرژەوەندی خۆی تەواو بكات، پێویستە بەیەكهەڵوێستی و یەكگرتوویی دانوساندن لەگەڵ بەغدا بكەن، بە پێچەوانەوە جارێكی تر هەرێم زەرەر مەند دەبێت، بەتایبەتی ئێستا عیراق وەك دەوڵەت بڕیاری دادگای  فیدراڵی بەدەستەوە و لەپەرلەمانیش بە زۆرینەو كەمینە دەتوانێ پرسەكان یەكلابكاتەوە".



PM:09:38:12/04/2022