كادیری پێشكەوتووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەخنە لە هەندێك سەركردەی حیزبەكەی دەگرێت كە "رۆڵی كادیری پارتی دەبینن و ئەمەش مەراییەكی بێ ریایە بۆ خەڵكی تر".
سالار مەحمود، كادیری پێشكەوتووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە نووسینێكدا دەڵێت "ھەندێك كەس لە جیاتی دەستنیشانكردنی كێشەكان بە ئینساف و دیاریكردنی میكانیزمی چارەسەر، دیمەنەكە لێڵتر دەكەن بە لێدوانی نا بەرپرسانە، سەركردەی یەكێتی ھەیە رۆڵی كادری پارتی دەبینێ، ئەمەش مەراییەكی بێ ریایە بۆ خەڵكی تر".
ناوبراو روونیكردۆتەوە "ھەشن پارتی بە دوژمنی سەرسەخت دەزانێ ھەردوو لا ھیچیان راست نین، ھەڵوێستی پارتیش نا دروستە بەرامبەر یەكێتی و ھەستیاری دۆخەكە، بەتایبەتی رێكەوتنی تاكلایەنەی لەگەڵ سەدریەكان ھەم ماڵی كوردی لەتكرد ھەم ماڵی شیعەش".
سالار مەحمود وتویەتی "پێویستە دەزگاكانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاھە كاراو دەستكراوە بكرێن بۆ دۆسیەكانی گەندەڵ و دادگای گەندەڵكاران بدرێت و پرەنسیپی سزا زیندوو بكرێتەوە. تۆمەتباركردن لە میدیاوە خزمەت بە ھیچ لایەك ناكات".