وەزارەتەكانی كارەبا و شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێمی كوردستان پلانێكی پێشوەختەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی لە شاری هەولێر داڕشت كە یەكێكیان بڕیاردرا 138 بیری ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و دەوروبەری لێ بدرێن.
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران، كۆبوونەوەیەكی باڵا بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی و چارەسەركردنی گرفتەكان لە شاری هەولێر لە وەرزی هاویندا بەڕێوەچوو كە تێیدا ژمارەیەك بڕیاری گرنگ دران وەك ئامادەكاری ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتی كەمئاوی لە شاری هەولێر.
بەپێی راگەیەنراوەكە ئەم كۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بودجەی بەگەڕخستنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاریدا بە خەرجكردنی زیاتر لە حەوت ملیار و 654 چوار ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ لێدان و هەڵكەندنی ژمارەیەك بیری ئاوی خواردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی لە شاری هەولێر.
هەروەها چەند بڕیارێكی دیكەش بۆ ئەو مەبەستە دران (بڕیاردرا 138 بیری ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و دەوروبەری لێ بدرێن، دابینكردنی كارەبا بۆ ئەو بیرە نوێیانەی لێ دەدرێن، دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ بیرەكان، بودجەیەك بۆ حاڵەتی فریاكەوتن تەرخان دەكرێت، هەڵمەتی نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر تۆڕەكانی ئاو و كارەبا بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ گرتنبەری چەند ڕێكارێكی دیكە لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی كارەبا و پارێزگەی هەولێر بە یەك تیم لە ڕێگەی ئەو ژوورە هاوبەشەوە چاودێریی گرفتی كەمئاوی لە شاری هەولێر دەكەن و چارەسەری بەپەلەی بۆ دەدۆزنەوە).