هەولێر پلانی پێشوەختە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کەم ئاوی دادەنێت

بەپێى راگەیەنراوێکى وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە شاری هەولێر بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کەم ئاوی ١٣٨ بیری ئاوی خواردنەوە لێدەدرێت.

بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتو گوزار، ژوورێكی ئۆپەراسیۆن كە بە هاوبەشی لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گوشتوگوزار و وەزارەتی كارەبا و پارێزگەی هەولێر پێكدەهێندرێت و دەسەڵاتی تەواوی دەبێت بۆ بەدواداچوونی كێشەكان و بڕیاردانی بەپەلە بۆ چارەسەركردنی هەر گرفتێكی بەردەم كەمئاوی. 

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە هاتووە:

پلانی پێشوەختەی ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی لە شاری هەولێر و دەوربەری داڕێژرا 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/4/2022 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كەمال محەمەدساڵح، وەزیری كارەبا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران، كۆبوونەوەیەكی باڵا بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی و چارەسەركردنی گرفتەكان لە شاری هەولێر لە وەرزی هاویندا بەڕێوەچوو تێیدا ژمارەیەك بڕیاری گرنگ دران وەك ئامادەكاری ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتی كەمئاوی لە شاری هەولێر

ئەم كۆبوونەوەیە داوای ئەوە دێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بودجەی بەگەڕخستنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2022 بڕیاری دا بە خەرجكردنی (7,654,590,686) حەوت ملیار و شەشسەد و پەنجا و چوار ملیۆن و پێنجسەد و نەوەد هەزار و شەشسەد و هەشتاو و شەش دینار بۆ لێدان و هەڵكەندنی ژمارەیەك بیری ئاوی خواردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی لە شاری هەولێر

لە كۆبوونەوە هاوبەشەكەی ئەمڕۆدا بڕیار درا بە دروستكردنی ژوورێكی ئۆپەراسیۆن كە بە هاوبەشی لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گوشتوگوزار و وەزارەتی كارەبا و پارێزگەی هەولێر پێكدەهێندرێت و دەسەڵاتی تەواوی دەبێت بۆ بەدواداچوونی كێشەكان و بڕیاردانی بەپەلە بۆ چارەسەركردنی هەر گرفتێكی بەردەم كەمئاوی، هەروەها ژمارەیەك بڕیاری دیكەش دران

بڕیارەكان

-بڕیار درا 138 بیری ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و دەوروبەری لێ بدرێن

 

-دابینكردنی كارەبا بۆ ئەو بیرە نوێیانەی لێ دەدرێن

- دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ بیرەكان

- بودجەیەك بۆ حاڵەتی فریاكەوتن تەرخان دەكرێت

- هەڵمەتی نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر تۆڕەكانی ئاو و كارەبا بەڕێوەدەچێت

-لەگەڵ گرتنبەری چەند ڕێكارێكی دیكە لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی.

 

-وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی كارەبا و پارێزگەی هەولێر بە یەك تیم لە ڕێگەی ئەو ژوورە هاوبەشەوە چاودێریی گرفتی كەمئاوی لە شاری هەولێر دەكەن و چارەسەری بەپەلەی بۆ دەدۆزنەوە

 



PM:01:37:14/04/2022