وەزارەتی كشتوكاڵ پلان بۆ دۆخی كەمئاوی دادەڕێژێت


وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ بەرپرسانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق پلانی گونجاو بۆ دۆخی كەمئاوی ئەمساڵ دادەڕێژن.

عەبدولڕەحمان خانی، بەرێوەبەری گشتی بەنداوەكان بە نوێنەرایەتی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی هاوبەشی كرد لە بەنداوی دوكان كە لە نێوان بەڕێوبەرایەتی گشتیی بەنداوەكان و بەڕێوەبەری گشتی مەركەزی نیشتمانی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق و بەڕێوەبەری گشتی مەركەزی دراساتی ناوچەی باكوری وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق بەڕێوەچوو.

بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی كشتوكاڵ، لەم كۆبوونەوەیەدا بەڕێوەبەرانی بەنداوەكانی دوكان، دەربەندیخان، حەمرین و دبس و بەڕێوەبەرانی سەرچاوەكانی ئاوی كەركوك و دیالە و گەرمیان  ئامادەبون، بۆ بریاردان و تاوتوێكردنی بارودۆخی ئاڵۆزی كەمئاوی و ڕەچاوكردنی ئاوی كۆكراوەی بەنداوەكان.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە چوارچێوەی دابینكردنی پێویستیەكانی هاوڵاتیان لە ئاوی خواردنەوە و بەراو و باخ، توانرا پلانێكی هاوسەنگی گونجاو لە پێناو بەرژەوەندی هەموولایەك، بۆ كارپێكردنی بەنداوەكان و پڕۆژەكان دابنرێت، هاوكات پێشنیاری گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە كەركوك، دیالە و گەرمیان كرا بۆ ڕێگری و كۆنتڕۆڵكردنی بە فیڕۆدانی ئاوی زیادە و باشترین ئیدارەدان و دابەشكردنی ئاو بۆ هاوین و پایزی ئەمساڵ بە ئامانجی رووبەرووبونەوەی قورسترین دیاردە و بارودۆخی كەمئاوی و وشكەساڵی لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا.





PM:08:37:21/04/2022