سەبارەت بە كەمكردنەوەی ٥٠%ی نرخی كارەبا بۆ نانەواخانە و فڕنەكان روونكردنەوە دەدرێت


فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیاری كەمكردنەوەی ٥٠%ی نرخی كارەبا بۆ نانەواخانە و فڕنەكان دوو سوودی هەبووە، یەكێكیان بە قازانجی خاوەن فڕن و نانەواخانەكان و ئەوەی دیكەشیان ڕێگر بوو لە گرانبوونی نرخی نان و سەموون.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە "دوای ئەوەی بە مەبەستی بەدواداچوونی كێشە و گرفتەكانیان و بەرگرتن لە لێكەوتەكانی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەری فڕن و نانەواخانەكانی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە و هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری دا ٥٠%ی نرخی كارەبا بۆ نانەواخانە و فڕنەكان كەم بكرێتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش ڕاسپێردران بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە".

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی راگەیاندووە "ئەو بڕیارە جۆرێك لە كارئاسانی بۆ فڕن و نانەواخانەكان كردووە و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە بارگرانیان لەسەر لاببات.''

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەكردووە "ئەم بڕیارەی حكومەتی هەرێم دوو سوودی ڕاستەو خۆی هەبوو، یەكێكیان بە قازانجی خاوەن فڕن و نانەواخانەكان و ئەوەی دیكەشیان ڕێگر بوو لە گرانبوونی نرخی نان و سەموون لە هەرێمی كوردستان و بەوەش هاووڵاتیان تیایدا سوودمەند بوون".




PM:11:37:21/04/2022