بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان هۆشداری لە هەناردەی غاز بۆ وڵاتانی دەرەوە دەدات و دەڵێت "هەناردەی غاز بە تاكڕەوی ناكرێت هێزێك یاخود لایەنێك هەنگاوی بۆ بنێت".
چۆمان محەمەد، رێكخەری ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە، غاز وەك سەرچاوەیەكی وزە و سامانی سروشتی، رۆژ بەرۆژ و ھەنگاو بەهەنگاو، دەبێتە كەرەستەیەكی پێویست وهەنوكەیی و سەرچاوەیەكی سەرەكی داهات بۆ هەرێمی كوردستان، بەهۆكاری گرنگیەكەی و رەهەندی سیاسی و ئابوری و هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی، بۆیە كاریگەری لەسەر تاك بەتاكی كۆمەڵگا هەیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم بنەما و بۆچونانە یەكجار گرنگە غاز بكرێتە دەسكەوت و پڕۆژەیەكی نیشتیمانی لەخزمەتی هەمواندا، تا وەك نەوت نەبێتە كەرەستەیەك كە سودی راستەوخۆی نەگەیاند بە هاوڵاتیانی هەرێم.
چۆمان محەمەد وتویەتی "غاز وفرۆشتنی لەلایەن هەرێمەوە پرسیكی یەكجار هەستیارە و ئاسان نیە، ئیدارەدان و دەستبردن بۆ ئەم پرسە بە تاكڕەوی ناكرێت هێزێك یاخود لایەنێك هەنگاوی بۆ بنێت".
هەروەها دەڵێت "فرۆشتنی غازی ھەرێمی كوردستان پێویستی بە ئاگاداری و هەماهەنگی گفتوگۆ هەیە لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئەو ھەڵانەی لە فرۆشتنی نەوت كرا نابێت لە فرۆشتنی غاز دووبارە بكرێتەوە و باری ھاوڵاتیان و مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان قورستر بكرێت، بەواتایەكی رونتر، ناكرێت غازیش بە دەردو دەرئەنجای نەوت ببرێت".
چۆمان ئاماژەی بەوەكردووە "غاز لەئێستادا رەهەندی هەرێمی ونێودەوڵەتی هەیە،بەبێ دیراسە و هەڵسەنگاندن ناكرێت جوڵە بكرێت و بانگەشەی ئەوە بكەین دەبینە سەرچاوەی وزەوغاز بۆ ئەوروپا، غاز كاتێك دەبێت بیر لەهەناردنی بۆ دەرەوە بكرێت كە پێداویستی ناوخۆ دابین بكات كە لە ئێستادا غاز بەشی تەواوی هەرێم ناكات".