بافڵ تاڵەبانی: دەبێت بەسەر لاشەی مندا بۆری غاز هەناردە بكرێت


بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "لەبارەی ئەو بارودۆخە داراییەش كە بەسەر سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕیندا سەپێنراوە، بەهیچ شێوەیەك بەرامبەر نادادی، ناشەفافی، قۆرخكاری، جیاكاری و بەهەدەردانی داهاتی گشتی بێدەنگ نابین و هەڵوێست و پەیامی خۆمان لەو بارەیەوە گەیاندووە. پیلاندانان بەرامبەر خەڵكی ئەم سنوورە و دەستبردن بۆ بژێوی ژیانی خەڵكەكەی هێڵی سوورە. خەڵكەكەمان گلەیی و داواكارییەكانیان ئاڕاستەی ئێمە دەكەن و ئێمەش بەرامبەر ئەو دۆخە بێدەنگ نابین و هەموو ئەگەرەكان لەبەردەمماندا كراوەیە".

بەپێی راگەیەنراوی بافڵ تاڵەبانی، لەكۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی، رێكخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان لە ھەرێم  رایگەیاندووە "یەكێتی ھێزێكە قورسایی سیاسی خۆی ھەیە و لەناو ھاوكێشە ناوخۆیی، عێراقی و جیھانییەكانیش كاریگەری خۆی هەیە". 

سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردن، بافڵ تاڵەبانی ئاشكرایكرد "زۆرینەی ھێز و لایەنە سیاسییەكانی ھەرێم لەگەڵ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن و داڕشتنەوەی یاسایەكی نوێدان، بەشێوەیەك كە بوار بۆ ساختەكاری نەمێنێتەوە و تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوە. پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن نەوەك هێز و لایەنی تر نوێنەرایەتییان بكەن". 

بافڵ تاڵەبانی وتویەتی "لەبەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردن رەهەندێكی نیشتمانیی هەیە، دەبێت بە سازان چارەسەر بكرێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە ئەو یاسایە موڵكی هیچ حزب و لایەنێك نییە و دەبێت بە رێككەوتن و كۆدەنگی نیشتمانیی دەربچێنرێت".

سەبارەت بەدۆخی سلێمانیش، راگەیەنراوەكە وتویەتی "لەبارەی ئەو بارودۆخە داراییەش كە بەسەر سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕیندا سەپێنراوە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك بەرامبەر نادادی، ناشەفافی، قۆرخكاری، جیاكاری و بەهەدەردانی داهاتی گشتی بێدەنگ نابین و هەڵوێست و پەیامی خۆمان لەو بارەیەوە گەیاندووە. پیلاندانان بەرامبەر خەڵكی ئەم سنوورە و دەستبردن بۆ بژێوی ژیانی خەڵكەكەی هێڵی سوورە. خەڵكەكەمان گلەیی و داواكارییەكانیان ئاڕاستەی ئێمە دەكەن و ئێمەش بەرامبەر ئەو دۆخە بێدەنگ نابین و هەموو ئەگەرەكان لەبەردەمماندا كراوەیە".

سەبارەت بە پرسی غاز و هەناردەكردنی، هاوسەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە "دەبێت گرێبەست و شێوازەكەی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان روونبكرێتەوە و نامانەوێت مەینەتییەكی تر بەسەر هەرێمەكەماندا بهێنین. بە شەفافی كار لەسەر ئەم كەیسە بكرێت و هاوڵاتییانی كوردستان بەشێكبن لە پرۆسەكە. هەموو هەوڵێكیش لە دەرەوەی ئەم داواكارییانە ئەوا روون و ئاشكرا رایدەگەیەنم، دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت. ئەمەش داواكاری خەڵكی كوردستانە جێبەجێی دەكەم و لەبەرامبەر ژیانی خەڵك و ئایندەی گەلەكەماندا، بێدەنگی و شەرمەزاری هەڵنابژێرم".




PM:10:23:28/04/2022