میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان لە جەژندا كراوە دەبن


بەرپرسێكی گەشت و گوزار لە هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە رۆژانی جەژندا میوانخانە و چێشتخانەكان لە پێشوازیی گەشتیاراندا دەبن و چاودێریی نرخ و خزمەتگوزارییەكان دەكرێت.

ئیسماعیل مینەخان، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەولێر رایگەیاندوە "ئامادەسازیی تەواومان كردووە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بكەین، بۆ ئەو مەبەستەش چەند ڕێكارێكمان گرتووەتەبەر، لەوانە، لیژنەی تایبەتمان بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاریی پیویست بۆ گەشتیاران لە بازگەكان پێكھێناوە، هەروەها دابەشكردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەكانمان بەسەر گروپە گەشتیارییەكان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ھاوكاربین بۆ چارەسەركردنی هەر ڕووداوێك یان گرفتێك".

هەر بەپێی ئاماری گەشت و گوزاری هەولێر، چاوەڕێ دەكرێت لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا ژمارەیەكی زۆر گەشتیار سەردانی كوردستان بكەن، تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێردا لە چوار مانگی ئەمساڵدا 671 هەزار و 146 گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتارییەكانی سنووری پارێزگای هەولێریان كردووە، لەم ژمارەیەش نزیكەی 100 هەزاریان گەشتیاری بیانین و ئەوانی دیكە گەشتیارانی عەرەبن و لە پارێزگا و شوێنە جیاوازەكانی عێراقەوە هاتوون.




PM:03:36:01/05/2022