شارەزایەكی بواری كەشناسی رایدەگەیەنێت "ئەمشەویش كاریگەری شەپۆلی بارانبارین بەردەوامی دەبێت و سبەینێش ئەگەری خۆڵبارین هەیە".
ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی لە بڵاوكراوەیەكدا رایگەیاندووە "بەگشتی كاریگەری ئەم شەپۆلە بارانبارینە كاتەكانی ئەمشەویش بەشێوەی پچر پچر لەناوچەی جیاجیادا بەردەوامی دەبێت و سبەینێش ئەگەری چالاكبوونەوەی تاوە بارانی بەخوڕ و ھەورە تریشقە دەبێت لەھەندێ كات و ناوچەدا".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەو شەپۆلە بەتایبەت ناوچە شاخاوییەكانی سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆك و سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە تا كاتەكانی ئێوارە كاریگەری ئەم ناسەقامگیریە لەناوچەكەدا ناوبەناو بەردەوامی دەبێت و لە كاتی شەودا كەش ئاسایی دەبێتەوە، پلەكانی گەرماش بە نزمی و جێگیری دەمێنێتەوە، هەروەها خێرایی با مامناوەند چالاك دەبێت لە ئاراستەی رۆژئاواو باشوری رۆژئاواوە".
ئاراس جەبار وتویەتی "سەبارەت بە خۆڵبارین كە لەماوەی ڕابردوو بەھۆی زیادبوونی خێرایی با شەپۆلێكی چری خۆڵبارین بەشێكی زۆری ناوچەكانی ناوەراستی عێراق و تا سنوری ناوچەكانی گەرمیانی گرتەوە بەگشتی كاریگەری ئەم خۆڵبارینە ئەمشەو لەسەر ناوچەكانی سنوری گەرمیان و پارێزگای كەركوك زیاتر دەبێت و سبەی بەچریەكی مامناوەند ئەگەر ھەیە ناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و سنوری سەنتەری پارێزگای ھەولێریش بگرێتەوە".