"هەورە بروسكە و تاوەباران زیاتر دەبێت"


شارەزایەكی كەشناسی رایدەگەیەنێت، لەسبەینێوە ناوچەكە دەكەوێتە ژێر كاریگەری بارستە هەوایەكی سارد كە هەورە بروسكە و تاوەبارانی لەگەڵدا دەبێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی لەبڵاوكراوەیەكدا رایگەیاندوە "لە ئەنجامی دەستپێكردنی كاریگەری بارستە ھەوای سارد و تاڕادەیەك شێداری دەریای ناوەراست لەسەر كەشی ناوچەكانمان سبەینێ ھەینی ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەور و ناڕوون دەبێت لەكاتەكانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "لە ھەندێ ناوچەی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەولێر و دھۆك و ئیدارەی راپەرین بەتایبەت ناوچە شاخاویەكان ئەگەری چربوونەوەی ھەورە بروسكە دەبێت لەگەڵ تاو تاو بارانی مامناوەند بۆ بەخوڕ بەرێژەی ٢ تا ١٥ ملیمەتر لەناوچەكانی دیكەی ھەرێمدا ئەگەری بارانبارین لاواز و چاوەروان نەكراو دەبێت".

ئاراس جەبار دەڵێت "پلەكانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی ٢ پلەی سیلیزی دیكە نزم دەبنەوە و بەم شێوەیە دەبێت لەسەنتەری پارێزگاكانی ھەرێم ( سلێمانی ٢٤ بە ١٤ ، ھەولێر ٢٦ بە ١٧ پلە ، دھۆك ٢٣ بە ١٦ پلە ، ھەڵەبجە ٢٨ بە ١٦ پلە ، كەركوك ٢٨ بە ٢٠ پلە ) لەناوچەكانی گەرمیان ٣٣ بە ٢١ پلە دەبێت، لە سنوری ئیدارەی راپەرین ٢٤ بە ١٦ پلە دەبێت، لە سنوری ئیدارەی سۆران ٢٣ بە ١٤ پلە دەبێت ، خێرای با كاتەكانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە چالاك دەبێت ٢٥ - ٤٥ كم/س لە ئاراستەی باشور و باشوری رۆژئاواوە".

ئەو شارەزایەی كەشناسی وتویەتی "دووسبەی شەممە كاریگەری بارستە ھەوا ساردەكە زیاتر دەبێت و كەشێكی سارد و زستانەیی ناوچە شاخاویەكان دەگرێتەوە و لەتەواوی ناوچەكەشدا كەش فێنك دەبێت لەگەڵ بارینی باران".





AM:10:47:05/05/2022