شارەزایەکی کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" بارستە هەوایەكی سارد و شێداری دەریای ناوەڕاست ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە".
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی دەستپێكردنی كاریگەری بارستە ھەوای سارد و تا ڕادەیەك شێداری دەریای ناوەڕاست لەسەر كەشی ناوچەكانمان ئەمڕۆ ھەینی ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەور و ناڕوون ئەبێت، بەڵام لەكاتەكانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە لە ھەندێ ناوچەی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەولێر و دھۆك و ئیدارەی ڕاپەرین بەتایبەت ناوچە شاخاوییەكان ئەگەری چربوونەوەی ھەورە بروسكە ئەبێت لەگەڵ تاو تاو بارانی مامناوەند بۆ بەخوڕ بەرێژەی ٢ تا ١٥ ملیمەتر.
ڕاشیگەیاند" لەناوچەكانی دیكەی ھەرێمدا ئەگەری بارانبارین لاواز و چاوەڕوان نەكراو ئەبێت و پلەكانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بەڕێژەی ٢ پلەی سیلیزی دیكە نزم دەبنەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، خێرایی با كاتەكانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە چالاك ئەبێت بەڕێژەی ٢٥ – ٤٥ كم/س لە ئاڕاستەی باشوور و باشووری ڕۆژئاواوە .
ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژی شەممە كاریگەری بارستە ھەوا ساردەكە زیاتر ئەبێت و كەشێكی سارد و زستانەی ناوچە شاخاوییەكان دەگرێتەوە و لە تەواوی ناوچەكەشدا كەش فێنك ئەبێت لەگەڵ بارینی باران.