دەتوانن واژۆی بكەن
كۆشكی سپی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان ڕادەگەیەنێت

ماڵپەری فەرمیی كۆشكی سپی، ڕاپرسییەكی بۆ پشتیوانیكردن لە سەربەخۆیی كوردستان ساز داوە و دەشڵێت، ئەگەر ژمارەی واژۆكان تا 22/8 بگاتە 100 هەزار، ئەوا ئەو پرسە دەكەوێتە بەرنامەی كاری سەرۆككۆماری ئەمەریكاوە.

لیژنەی ئامادەكاری كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان ڕایگەیاند، یەكێك لە دۆستانی كورد لە ئەمەریكا، لە ماڵپەری كۆشكی سپیدا لاپەڕەیەكی بۆ كۆكردنەوەی پشتگیری بۆ سەربەخۆیی كوردستان كردووەتەوە.

بە گوتەی لیژنەی ئامادەكاری كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی، لەو لاپەڕەیەدا راگەیەندراوە كە ئەگەر ژمارەی واژۆكان بگاتە 100 هەزار، ئەوا ئەو پرسە دەكەوێتە بەرنامەی كاری سەرۆككۆماری ئەمەریكاوە و دەبێ بیخاتە بەر باس.

دەشڵێت، ئەو كەسانەی دەیانەوێ بەشداری بكەن، ئاگادار بن كە دەبێ ئیمەیڵی خۆیان داخڵ بكەن، پاشان پەیامێكیان بۆ دێ بۆ پەسندكردنی واژۆكەیان، دەشبێ لە ئیمەیڵەكەیاندا پەیامەكە بكەنەوە و پەسندی بكەن، ئەگەر نا واژۆكەیان تۆمار ناكرێت.

لیژنەی ناوبراو هەروەها ئاماژەیش دەدات، تا 22/8 پێویستە رێژەی دەنگەكان بگاتە 100 هەزار دەنگ، بەم شێوەیەی خوارەوەش كوردستانیان دەتوانن واژۆكەیان بنێرن و پاش كرانەوەی لینكەكە، لای راستەوە ناوی یەكەم و لە خانەی خوارتر ناوی دووەم و پاشان ئیمەیڵەكانیان بنووسن، دواتریش لە خانەی خوارتر نووسراوە Zip Code و پێویستە زیپ كۆدی شارەكەیان بنووسن. زیپ كۆدی شارەكانیش بەم شێوەیەیە: هەولێر (44000)، سلێمانی و هەڵەبجە (46000)، كەركووك (36000)، دهۆك (42000).

ئەوەش دەخەنە ڕوو كە، لە خوار بەشی زیپ كۆدەوە، چوارگۆشەیەك هەیە و پێویستە نیشانەی راست لە تەنیشتی دابنرێت و پاشان بچنە سەر شوێنی واژۆ و SIGN NOW بكەن. هەروەها بۆ ئەوەی دڵنیا بن واژۆتان كردووە، پاش دوو تا سێ خولەك ئیمەیڵەكانتان بكەنەوە و دەبێ ئیمەیڵێكتان پێ گەیشتبێت.

ئەمەش ئادرەسی لاپەڕەكەیە لە ماڵپەڕی فەرمیی كۆشكی سپیدا:

https://petitions.whitehouse.gov/petition/support-kurdish-independence/wk7K9SSp


ئا: ئومێد پشدەری




PM:05:51:27/07/2014