وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، هەر كاتێك بڕیار لە كشانەوە لە حكومەتی هەرێم بدەن، تیمەكەیان لە حكومەتی هەرێم ئاگادار دەكەنەوە.
وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "جار جار پرسی كشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی ھەرێم و حكومەتی خۆجێی دەبێتە بابەتی میدیایی، لەرێی ئەم رونكردنەوەیە بڵاوی دەكەینەوە كە بڕیارێكی لەو شێوەیە نەدراوە و هەركاتێك بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری كشانەوەی لە حكومەتی هەرێم، یاخود حكومەتی خۆجێی دا؛ ئەوا بەفەرمی ڕایدەگەیەنێت و تیمی حكومەتی لێ ئاگادار ئەكاتەوە".
وتەبێژی گۆڕان وتویەتی "هەر لێدوانێكی دیكە لەو بارەوە، لەلایەن هەر بەڕێزێكەوە بدرێ رای خۆیەتی، نەك بزوتنەوەی گۆڕان".
ئەو روونكردنەوەیەی وتەبێژی گۆڕان لە كاتێكدایە شەوی رابردوو هۆشیار عومەر عەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە سایتی (زەمەن)ی نزیك لە حیزبەكەی راگەیاندبوو "بڕیاری نوێمان ئەوەیە كە لە حكومەت بكشێینەوە، چونكە ئێمە كە بەشداری حكومەتمان كرد لەسەر بنەمای رێككەوتنێك بوو، بەڵام ٨٠%ی ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكراوە".