کەسێک دەستگیرکرا هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی چەند کچێکی کردبوو

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت" هاوڵاتییەک دەستگیرکرا، کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە  و ڤیدیۆی لەچەند کچێک کردبوو". 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌" دوای ئەوەی کچێک لە بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ سکاڵای یاسایی لەسەر کوڕێک تۆمارکرد کە ھەڕەشەی لێکردوە بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنە و گرتەیەکی ڤیدیۆیی، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ناوبراو دەستپێکرد". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا (ھ، م، ق) لە دایکبوی (١٩٨٧) لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێت.

پۆلیسی سلێمانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، دوای لێکۆڵینەوەکان و لە کاتی پشکنینی موبایلەکەیدا، دەرکەوت کە ناوبراو، سوکایەتی و ھەڕەشەی لە چەندین کچی تر کردوە و ناوبراو لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.



AM:09:23:28/05/2022