دوو ساڵە ئەنجومەنی باڵای یەكێتی و مەكتەبی سیاسی پێكەوە كۆنەبوونەتەوە


ماوەی دوو ساڵە هیچ كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی و مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە نەكراوە.

بەپێی زانیارییەكانی (سپی) كە لە سەرچاوەیەكی یەكێتییەوە دەستی كەوتوون، ماوەی دوو ساڵە هیچ كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی و مەكتەبی سیاسیدا نەكراوە و هۆكارەكەشی ئەوەیە هیچ لایەكیان داوای كۆبوونەوەیان نەكردووە.
ئەو سەرچاوەیە سەرسوڕمانی خۆی لە كۆنەبوونەوەی ئەو دەزگایەی یەكێتی نیشاندا و وتی "جێی تێبینییە ئەو دەزگایەی یەكێتی كۆبوونەوەیان نەكردووە، لە كاتێكدا بە هەموو پێوەرەكان دەبوایە لە كاتی كێشەی نێوان لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی، كۆبوونەوەیان بكردایە".

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دەبێت ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی جگە لەوەی كۆبوونەوەی خۆی هەبێت، دەتوانێت بەشداری كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی بكات، هەروەها هەردوو دەستە كۆبوونەوەی هاوبەش بكەن  و لەكێشەكانیشدا هەردوولا چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.

ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە كۆتایی 2019 بەسترا دامەزرا كە لە چەند ئەندامێكی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێكهاتووە و سەرۆكەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلییە، ئەركەكەشی پێدانی پێشنیارە بە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی.
 




AM:11:29:02/06/2022