بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی ڕایدەگەیەنێت" هەفتەی داهاتوو هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە".
عەلی حسێن، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێكدا بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاند" کۆبونەوەی داهاتوی پارتی و یەکێتی لە نزیکترین کاتدا دەکرێت، رەنگە لەسەر دیداری یەکێتییش وەستابێت، ئێستا دیدارەکە تەواو بووە، بۆیە بە دڵنیایی هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی هەردوو لادا دەکرێت".
ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبونەوی رابردودا کۆمەڵێک بنەمامان بۆ گفتوگۆ دانا، یەکێک لە بابەتە گرنگەکان هەڵبژاردن بوو، گەیشتینە ئەو بڕوایەی، هەردوو لامان دەبێ رێک بکەوین بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی خۆمان لەناو پەرلەماندا بکەین.
ڕوونیشیکردەوە، لە کۆبونەوەی هەفتەی داهاتوودا، لیژنەکان بەپێی پێویست دادەنرێن، بۆ نمونە، بۆ راگەیاندن لێژنەیەک گرنگە، بۆ ئەوەی چاودێر بن تا هەردوو لا قسە لەسەر یەک نەکەن، هەروەها لیژنەیەک بۆ بابەتی کۆمیسیۆن و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی هەڵبژاردنەکان کە چۆن دەبێت.
ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی، جەختیشی كردەوە، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە ١ی١٠ی٢٠٢٢ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام ئێمە بەتەنیا نین، دەبێ گوێ لە لایەنەکانی دیکەش بگرین، بە بۆچونێکی دیاریکراو و هەماهەنگ، هەمو پێی رازی بین.
عەلی حسێن رونیشیکردەوە، پارتی گرفتی لەگەڵ سیستمی فرەبازنەییدا نییە، بەڵکو گوتمان کاتەکە بۆ گۆڕانکاری لە یاساکەدا كەمە، ئەگەر کاتمان لەبەردەستدا بێ، ئەوا چ فرەبازنە یان تاک بازنە بێت ئێمە کێشەمان نییە.