"ئه‌وه‌ى له‌ دادگاى سلێمانى كراوه‌ به‌سوكایه‌تی به‌رامبه‌ر ژن‌ و دادگا ده‌زانین"

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان دژی هێرشكردنه‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك ئافرەت له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و دەڵێن" پێویستە حکومەتی هەرێم بە فەرمی داواى لێبوردن بکات". 

ئەمڕۆ ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ رێکخراوەکانی ژنان لە بەردەم بینای دادگای سلێمانی دژى ڕووداوەکەی دوێنێ و شەق تێهەڵدان لە خوشکێکی تاریقی بەقاڵ لەلایەن پۆلیسەوە، گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجام داو لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند" داوا لەسەرجەم ڕێکخراوەکانى ژنان، ژنانى ئازادیخواز، کۆمەڵگەى مەدەنى، ڕۆژنامەنوسان، کرێکاران، خاوەن کاران، حزب و لایەنەسیاسیەکان و دانیشتوانى سلێمانى و دەوروبەرى دەکەین، کە خاوەن هەڵوێست بن بەرامبەر بەبێڕێزیکردن بەرامبەر بە شکۆى ژنان". 

ئەوەشیان خستەڕوو، بەرپرسانى هەرێم بە فەرمى داواى لێبوردن لە ژنان بکەن و هەرکەسێکیش بەنهێنى و ئاشکرا سوکایەتى بە ژنان دەکات دەستگیر بکرێت و سزاى توند بدرێت.  

دەشڵێن" ئه‌وه‌ى كراوه‌ ته‌نها شه‌ق تێهه‌ڵدانى ژنێك نییه‌، به‌ڵكو شه‌ق تێهه‌ڵدانه‌ له‌ كلتورو نه‌ریت‌ و له‌شه‌خسیه‌تدانى ژنه‌ و ئه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ژن كراوه‌ هۆكارى ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك هاوڵاتى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ژن ناكرێت". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" دەبێت ئەو کەسانەشى، کە لە شارەکانى دیکەى عێراق ژنى دووەم یان سێیەم و زیاتر دێنن، سزا بدرێن، چونکە بەشێک لە بەرپرسانى هەرێم لە شارەکانى دیکەى عێراق وەک کەرکوک هاوسەرگیرى دووەم یان سێیەم و زیاتر ئەنجام دەدەن". 

دوێنێ دووشەممە لەناو دادگاى سلێمانى لە لایەن چەند پۆلیسێک هێرشکرایە سەر خوشکەکانی تاریقی بەقاڵ، ئەوەش نیگەرانى و نارەزایەتى هاوڵاتیان و چالاکوانانى بەدواى خۆیدا هێنا.

دوای ڕووداوەکەش قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند"  ئه‌و پۆلیسانه‌ لێپێچینه‌وه‌ى یاساییان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت و داواى لێبوردنیش دەکەم". 

هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەیەكمان لەسەر ڕووداوەكەی ناو دادگای سلێمانی پێكهێناوە لەبارەى چۆنیەتى دروستبوونى ڕووداوەکەوە لێكۆڵینەوە دەكەین لەپاش دەركەوتنی راستییەكان ئەنجامەكان بۆ رای گشتی رادەگەیەنین.



AM:11:51:14/06/2022