نوێ کرایەوە.. لە سلێمانی شەڕەتەقە ڕوویداو بریندار هەیە

رووداوێكی شه‌ڕكردن له‌ پێشانگه‌كانی ئۆتۆمبێل له‌ شاری سلێمانی روویداو به‌هۆیه‌وه‌ سێ كه‌س برینداربون، كه‌ برینی یه‌كێكیان سه‌خته‌.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، کاتژمێر ٥:٣٠  دوو كه‌س به‌ ئۆتۆمبێلێكی تۆیۆتا لاندكرۆزه‌ر چونه‌ته‌ پێشانگه‌كانی ئۆتۆمبێل له‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی سلێمانی (ته‌حویله‌كه‌) له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌دا شه‌ڕیان كردووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ سێ كه‌س برینداربون.

خاوەنی پێشانگای ئۆتۆمبێلەکەش ڕایگەیاند، "رووداوەکە هیچ پەیوەندی بە کڕین و فرۆشتن و یاخود مامەڵەی پێشانگاکەوە نەبووە و کەسێک لەدەرەوەی پێشانگاکە هاتووە و دواتر لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە لەسەرەتادا شەڕی دەستەویەخەیان بووە بە بەکارهێنانی چەقۆ و پاشانیش بووە بە شەڕە تەقە.

وتیشی، شەڕکەرەکان کارمەندی پێشانگاکە نیین و نایانناسێت، تەنها یەکێکیان نەبێت کە ناوبژی کردووە و سەرئەنجام بەهۆی فیشەکەوە برینداربووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

بەپێی زانیارییەکان هەتا کاتی گەیشتنی پۆلیس بە شوێنی رووداوەکە، شەڕکەرەکان هەڵهاتوون و تا ئێستاش دیار نییە کە ئایا دەستگیرکراون یاخود نا، تەنها برای بریندارەکە نەبێت کە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستگیرکراوە و سەرجەم کامێراکانی چاودێریش بە هەمان مەبەست بردراون.

ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، لەماوەی رابردوودا چەندن رووداوی شەڕەتەقە روویانداوە و چەندین کەسیش کوژراون و برینداربوون.

 

 




PM:06:21:14/06/2022