هەولێر و بەغدا لەدژی داعش رێككەوتن
بۆ یەكەمین جار هەولێر و بەغدا لەسەر رووبەرووبوونەوە چەكدارانی داعش رێكدەكەون.
بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی ئانادۆڵ ئەمڕۆ یەكشەممە لەنێوان هەولێر و بەغدا رێككەوتن كراوە، لەسەر ئەوەی هەریەكە لەسوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە بەهەماهەنگی لەگەڵ یەك، هێرش بكەنە سەر چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو داعش و ئەو ناوچانە كۆنتڕۆلبكەنەوە كە هێزەكانی داعش دەستی بەسەردا گرتوون.
بەپێی ئەو زانیاریانە: لەماوەی ٢٤ سەعاتی داهاتوودا بەرپرسانی سەربازی هەردوولا پلانێكی سەربازی دادەرێژین و لەو رێگەیەوە هێرشی بەرفراوان دەكرێتە سەر ئەو چەكدارانە كە هێزەكانی داعش دەستی بەسەردا گرتوون.
پلانەكە بەشێوەیەكە كە فڕۆكە جەنگییەكانیی سوپای عێراق هاوكاری پێشمەرگە دەكات بۆ هێرش كردنە سەرشنگال و ئەو ناوچانەی كە بەم دوایە داعش دەستی بەسەر داگرتوون.
ئەم رێككەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا بەیەكەمین رێكەوتنی سەربازی نێوان هەردوو لا دادەنرێت، پاش ئەوەی چەكدارانی داعش چەند ناوچەیەكی عێراقییان كۆنتڕۆڵكردبوو.
PM:04:01:03/08/2014