وه‌زیری دارایی هه‌رێم، زانیاری نوێ له‌باره‌ی خه‌رجی به‌هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست ئاشكراده‌كات و دەڵێت" پێویستە پێش ده‌ركردنی فه‌رمانی به‌هه‌میشه‌ییكردنی گرێبه‌سته‌كان، رێنمایی نوێ ده‌ربكرێت".
بەپێی نوسراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی کوردستان، كه واژۆی ئاوات جه‌ناب نوری وەزیری دارایی له‌سه‌ره و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه تێیدا هاتووە" به‌پێی به‌راییه‌كان، بڕی مووچه‌ی گرێبه‌سته‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بودجانه‌ی بۆیان خه‌رج ده‌كرێت جیاكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له كۆی گشتی مووچه‌ی گرێبه‌سته‌كان به‌راورد به‌و مووچه‌یه‌ی كه فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست بكرێن به‌هه‌میشه‌یی وه‌ریده‌گرن بڕی (یه‌ك ملیار و حه‌وسه‌د و په‌نجاو و حه‌وت ملیۆن و چوارسه‌د و نه‌وه‌د و شه‌ش هه‌زار و نۆسه‌د و حه‌فتا و شه‌ش) دینار كه‌متر ده‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه هه‌ركاتێك فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست كران به‌شێوه‌ی هه‌میشه‌یی، مووچه‌یان گۆرانكاری به‌سه‌ردا دێت و زیاد ده‌بێت له‌كاتی پێدانی سه‌ر مووچه‌ی ساڵانه و هێنانی ماوه‌ی خزمه‌تی گرێبه‌سته‌كان".
هه‌ر به‌پێی نوسراوه‌كه، فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی بیانین به‌پێی یاسا نابێت ببنه فه‌رمانبه‌ری هه‌میشه‌یی، هەروەها ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست بكرێن به فه‌رمانبه‌ری هه‌میشه‌یی پێویسته پێش ده‌رچونی بڕیاری بوون به هه‌میشه‌یییان هاوشێوه‌ی رێنمایی دارایی ژماره (٣٩) و (٤٢)ی ساڵی (٢٠١٣) رێنمایی تازه ده‌ربچێت.