دەستەی وەبەرھێنانی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی دەزگای (كان) و كۆمپانیای تیپسای كۆبوەتەوە بەمەبەستی راوێژكردن سەبارەت بە دروستكردنی ٢٠ هەزار شوقە بۆ كرێنشینان.
دەستەی وەبەرھێنانی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەكشەممە 22-7-2022 دەستەكەیان لەرێگەی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ، دەزگای (كان) و كۆمپانیای تیپسای هاوبەشی راسپارد، لەروی راوێژكاری و ئەندازیارییەوە هاوكاری و پاڵپشتی پڕۆژەی دروستكردنی 20 هەزار شوقەكە بن، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئامادەیی هەمو هاوكارییەكی دەربڕی.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، بە دەزگای كان و كۆمپانیای تیپسای راگەیاند ئامانجی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دروستكردنی پرۆژەیەكی نمونەییە لە ڕوی كوالیتی و دابینكردنی خزمەتگوزاریی، بۆیە پێویستە لە ئاست داخوازیی دانیشتوانی پرۆژەكە بێت".
دەستەی وەبەرھێنانی هەرێم دەڵێت "ئامانجی سەرەكی دەستەكەمان و دامەزراوەی كان، بونیاتنان و دروستكردنی پڕۆژەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و هەروەها ئامانجمان سەرخستنی پڕۆژەكەیە".