جارێکی تر بۆری ئیفراز لە هەولێر شکایەوە


هەرچەندە بۆری ئیفرازی هەولێر ئەمڕۆ چاککرایەوە، بەڵام لە کاتی ئاو تێکردنی سەرلەنوێ شکایەوەو، ئەو ناوچە فراوانەی لەسەر ئەو بۆریەن، ئەمشەویش ئاویان نابێت.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" چەند کاتژمێرێک دوای چاککردنەوەی، جارێکی دیکە بۆڕی ئیفراز سێی هەولێر لە شوێنێکی دیکە و لە نزیک شوێنی شکانی پێشوو، شکایەوە و ئێستا تیمی چاککردنەوە سەرقاڵی چاککردنەوەن".

قائیمقامی هەولێر وتیشی "ئەگەر گرفتێک نەیەتە پێش، تاوەکو سبەی چاکدەکرێتەوە."( واتە ئەمشەویش ئاو نابێت).

چەند رۆژێک لەمەوبەر بۆری ئیفرازی ئاوی هەولێر شکا، تیمەکانی چاککردنەوە سەرقاڵی بوون تا ئەمڕۆ چاککرایەوە، بەڵام لە کاتی ئاو تێکردنی سەرلەنوێ شکایەوە.

بۆریی ئاوی ئیفراز سێ کەوتۆتە باکووری شاری هەولێر و نزیکەی ٤٠% ی ئاوی شاری هەولێر، گەڕەکەکانی باکوور و رۆژئاوای شارەکە دابین دەکات، لەوانە گەڕەکەکانی زانکۆ، باداوە، فەرمانبەران، ئیسکان و چەند گەڕەکێکی دیکە لەگەڵ شکانی ئەو بۆرییەدا رووبەڕووی کێشەی نەبوونی ئاو دەبنەوە.




PM:09:06:09/07/2022