پزیشكێكی نەخۆشییەكانی سنگ و هەناسە رەتیدەكاتەوە شەپۆلی ئێستای كۆرۆنا نوێ بێت و دەڵێت، ئەوەی ئێستاش هەیە هەر شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنایە و شەپۆلی پێنجەم نییە.
د.كامەران قەرەداغی، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی سنگ و هەناسە لە گرتە ڤیدیۆیەكدا رایگەیاندوە "لەماوەی چەند هەفتەی رابردودا ژمارەی توشبوان بە كۆرۆنا لە هەرێم و لە جیهان بەرزبوەتەوە، ئەوەی ئێستاش هەیە هەر شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنایە و شەپۆلی پێنجەم نییە، راستە ژمارەی توشبوان بەرزبوەتەوە، بەڵام ژمارەی مردوان بەرز نەبوەتەوە".
هەروەها دەڵێت "لەئێستادا ئۆمیكرۆن لە ناوخۆیدا گۆڕانكارییەكی كردوە كە پێی دەوترێت BA4 و BA5، هەمان نیشانەی رابردوی هەیە، بەڵام زۆرینەی ئەوانەی ئێستا لە ئەمریكا توشبون BA5 و ئەوانەی لە ئەوروپای رۆژئاواش توشبون BA4ن".
قەرەداغی وتویەتی "لە جیهاندا شتێك نەماوە بەناوی ئەلفا و دەلتا، ئەوەی كە هەیە ئۆمیكرۆنە، كە خۆشبەختانە لە هەرە جۆرە سوكەكەی كۆرۆنایە و بەرگریەكی زۆر دەدات بە جەستەی مرۆڤ".
د.كامەران وتویەتی "لەماڵێكدا كەسێك ئەم جۆرە بگرێت، هەموویان دەیگرن، بەڵام مەرج نییە هەموان نیشانەیان هەبێت، تەمەن و دۆخی تەندروستی و ڤاكسین وەرگرتن كاریگەرییان دەبێت، زۆر بە كەمی نەخۆشەكان پێویستیان بە نەخۆشخانە دەبێت، خۆشبەختانە لە كوردستان و عێراق ڤایرۆسەكە زۆر سوكە".
ئەو لێدوانەی قەرەداغی لە كاتێكدایە لەماوەی ئەم مانگەدا تووشبووانی كۆرۆنا روویان لە بەرزبوونەوە كردووە و رۆژانە سەدان تووشبوو تۆمار دەكرێت.