پۆلیسی هەولێر، لەبارەی کوژرانی ژن و مێردێک لە
هەولێر روونکردنەوەی دا و ئاماژەی بەوە کرد لە نێوان خۆیاندا بووەتە شەڕیان و
چەقۆیان لە یەکتری داوە.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی پۆلیسی پارێزگای هەولێر
کە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، "لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوت کەوا
هەردووکیان لەسەر کێشەیەک لە نێوان خۆیان دەبێتە دەمەقاڵیان و ناوبراوی یەکەم بە چەقۆ
لە ناوبراوی دووەم دەدات وە چەقۆکە بەر ڕانی ناوبراوی یەکەم دەکەوێت و تووشی خوێن
بەربوون دەبێت و لە شوێنی رووداوەکە هەردووکیان گیان لەدەست دەدەن".
هەر لە ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیس ئەوەش باسکراوە، تەرمەکان
ڕەوانەی پەیمانگای پزیشکی داد کران، هەروەها پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ گەیشتن بە هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە
و لە ئایندەیەکی نزیکدا زانیاری زیاتر دەخەینە روو".
هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، شوێنەواری
شەش چەقۆ بە جەستەی ژنەکەوە دیارە کە بەر گورچیلە و سک و سنگی کەوتووە.
ئەوەش لە کاتێکدا دێت، کۆمەڵگەی شاوێس لە شاری
هەولێر تەرمی ژن و مێردێک بە کوژراوی دۆزرانەوە کە تەمەنیان لە نێوان ٣٥ بۆ ٤٥ ساڵ
دەبێت.