ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ لە شاخی گۆیژە ئاگرێك لە پەڕەشوتێك كەوتۆتە خوارەوە و بۆتە هۆی سوتانی بەشێك لە پوش و پاوانی شاخەكە".
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" کاتژمێر (٦:٠٠)ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە شاخی گۆیژە ئاگرێک لە پەڕەشوتێک دەکەوێتە خوارەوە و بووە هۆی سووتانی بەشێک لە پووش و پاوانی شاخەکە، دوا بەدوای رووداوەکە دەست بەجێ هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی هەستان بە کاری بەدواداچوونی خێرا و لە ماوەیەکی کەمدا توانرا پەڕەشوتەوانەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێت، پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت ناوی (ع ، أ ، أ) لەدایکبووی (١٩٩١) و یەکێکە لە تیمی یانەی فڕۆکەوانی سلێمانی".
ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو پەڕەشوتەوانە بە مەبەستی مەشقکردن هەستاوە بە کاری فڕین و بەهۆی گڕگرتنی کەپسولی دوکەڵی پەڕەشوتەکەی بە ناچاری فڕێی داوەتە خوارەوە و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە، ناوبراو لە ئێستادا لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی دەست بەسەرە بە مەبەستی ئەنجامدانی رێکاری یاسایی بەرانبەری.