مەسرور بارزانی: دەبێت وەكو قەوارەیەكی فیدراڵی و دەستووری، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دەبێت وەكو قەوارەیەكی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت.
 
ئەمڕۆ شەممە 23-07-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە شاری بەغدا سەردانی فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقی كرد.
 
بەپێی راگەیەنراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور كراوە و سەرۆكی حكومەت جەختی لەوە كردۆتەوە كە "دەبێت وەكو قەوارەیەكی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بكرێت."
 
هەروەها راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری پشتگیریی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەڕێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستوور دەربڕی كە لە بەرژەوەندی ھەموو ھاووڵاتییانی عێراقدا بێت."




PM:07:29:23/07/2022