سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت "پێنج مانگە داوای بینینی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كردووە بۆ تاوتوێی رەوشی مافی مرۆڤ و پێشێلكارییەكان لەو بارەیەوە، بەڵام تائێستا وەڵامی نەدراوەتەوە".
مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاندووە "زیاتر لەپێنج مانگ لەمەوبەر، داوای چاوپێكەوتنی سەرۆك وەزیرانی هەرێمم كرد، بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بەڕەوشی مافی مرۆڤ و پێشێلكاری و شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵیان و ئەو كێشانەی كە ڕێگرن لە پێش كاری دەستەكەمان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەڵامی ئەو داواكارییە نەدراوەتەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "دامەزراوەیەك كە گوایە سەربەخۆیە، ناتوانێت سەركەوتوبێت لە كارەكانیدا، پۆستە هەستیارەكان تیایدا درابێتە كەسانێكی حیزبی خاوەن باكگراوندێكی سیاسی دیاریكراو، كاری سەرەكیان دروست كردنی قەیران و دووبەرەكایەتی بێت".
مونا یاقو لەسەر پشكی مەسیحییەكان ماوەی نزیكەی ساڵێكە لەو پۆستەدا دەستبەكار بووە.
دەقی راگەیەنراوەكە:
یەكەم: زیاتر لەپێنج مانگ لەمەوبەر، داوای چاوپێكەوتنی سەرۆك وەزیرانی هەرێمم كرد، بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بەڕەوشی مافی مرۆڤ و پێشێلكاری و شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵیان و ئەو كێشانەی كە ڕێگرن لە پێش كاری دەستەكەمان بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەڵامی ئەو داواكارییە نەدراوەتەوە.
دووەم: دامەزراوەیەك كە گوایە سەربەخۆیە، ناتوانێت سەركەوتوبێت لە كارەكانیدا، پۆستە هەستیارەكان تیایدا درابێتە كەسانێكی حیزبی خاوەن باكگراوندێكی سیاسی دیاریكراو، كاری سەرەكیان دروست كردنی قەیران و دووبەرەكایەتی بێت.
ئەو جۆرە ڕاسپاردنە بەڵگەیە لەسەر خواستی دەسەڵات بۆ ئیفلیجكردنی كاری ئەم دەزگایانە و بە دیكۆر كردنی بە پابەند كردنی بە فەرمانی كەسانی دیاریكراوەوە.
سێیەم: كاركردن لەبواری مافی مرۆڤدا كارێكی ئەخلاقییە كە پەیوەستە بە ویژدانی تاكەوە بۆیە دەبێت گرنگی بە بەرژەوەندی هەر كەسێك بدەین كە مافی پێشێل كرابێت، بێ گوێدان بە مەیلی سیاسی و ئاین و نەتەوەیی، كە بەداخەوە ئەوەش بوونی نییە، چونكە كارەكە بووەتە كارێكی مەزاجی و هەڵبژاردەیی و مامەڵە لە گەل هەر گرفتێكدا بە پێی پۆلین كردنی سیاسی دیاریكراوەوە دەكرێت.
چوارەم: هەڵسەنگاندنی من لە كار لە بواری مافی مرۆڤدا نائومێدكەرە، بەهۆی نەبوونی پیشەیی و بێلایەنی.
پێنجەم: بە هەموو وزەیەكی خۆمەوە تێدەكۆشم، بۆ خزمەتكردنی هەموو چەوساوەیەك، هەتا ئەو ساتەی كە هەست دەكەم بونم وەك نەبون وایە. ئەو كاتە بڕیارێكی ترم دەبێت.
لە كۆتاییدا..
قسەی دبلۆماتێكی پلە بەرزم زۆر بەدڵ بوو كە پێش جەند ڕۆژێك چاوم پێی كەوت فەرموی" كاتم نیە چاوم بە هەموو لێپرسراوانی هەرێم بكەوێت، بەڵام چاوم بە ئێوە كەوت، چونكە چاوپێكەوتنی سەرۆكی مافی مرۆڤ بەسە بۆ ئەوەی بۆچونێكم بداتێ لە بارەی هەموو كاروبارەكانی هەرێمەوە".
هیوادارم هەموو دەسەڵاتەكان گرنگی مافی مرۆڤ بزانن. وەك ئەوەی ئەو كەسە دەیزانی.
تێبینی:
مەبەست لەم خستنەڕویە چاكسازییە، حەز دەكەم دەستەكەمان ببێتە ڕوكارێك، هەرێم شانازی پێوە بكات. لە میانی بە جێهێنانی كارەكانی بە شێوەیەكی پیشەیی و بێ لایەنانە، نەك سەرقاڵ بین بە كاری لاوەكیەوە لە سەر حیسابی هاوڵاتی.
دەمەوێت جەستەمان ببێتە بەرەیەك كە هەرێم شانازی پێوە دەكات لە ڕێگەی كارە پیشەیی و بێلایەنیەكەیەوە نەك بە بابەتی لایەنی ڕووكەشانە و لەسەر حسابی خزمەتكردن بە هاوڵاتیان سەرقاڵ بێت.