"پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان دەستپێدەکاتەوە"

سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتی ڕاژەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان لە چوارچێوەی مافە یاسایی و کارگێڕییەکانی خۆیان دەست پێدەکرێتەوە، بەڵام دەمانەوێ بە شێوازێک بێت، فەرمانبەری شایستە و ناشایستە لێک جیابکرێتەوە". 

سیراج بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتی ڕاژەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" ئەنجومەنی ڕاژە دەیەوێت بابەتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی یاسایی و ئیداری خۆی، ئێمە کۆمەڵێک توێژینەوە دەکەین و بە ڕاپۆرتێک دیاریی دەکەین، کە چۆن پلەبەرزکردنەوە بکرێتەوە".
وتیشی" دوای چەند ڕێکارێک، فەرمانبەری ڕاستەقینە پێویستە مەرتەبە و پلەبەرزکردنەوەی خۆی پێ بدرێتەوە، هەموو فەرمانبەرێکی ڕاستەقینە شایستەی خۆی وەردەگرێت، بە تایبەت ئەو مافەی، کە چەند ساڵێکە لە پلەبەرزکردنەوە پێی نەدراوە، بۆی دەگەڕێتەوە".

جەختیشیکردەوە، فەرمانبەران دڵنیا دەکەینەوە، ئامانجمان ئەوەیە فەرمانبەری شایستە لە فەرمانبەری بنیدیوار و زیادە میلاک جیا بکەینەوە، ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین، لە نزیکترین کاتدا بابەتی پلەبەرزکردنەوە یەکلای بکەینەوە و ماف بۆ فەرمانبەری شایستە بگەڕێنینەوە. 

سیراج بارزانی باسی لەوەشکرد، بەپێی سیستەمی بایۆمەتری، (٤٢٦) هەزار فەرمانبەری شارستانی هەیە، ئەوانە پلەبەرزکردنەوەیان ڕاگیراوە، مافی خۆیانە پلەی خۆیان وەربگرنەوە، بەڵام دەبێ ڕێچکەی ئیداری وەربگرێت و بچێتەوە سەر ڕێچکەی یاسایی و کارگێڕی خۆی، ئێمە هەموو ئامادەکاری و ڕاپۆرتەکانی خۆمان بۆ بڕیاری کۆتای ئەنجومەنی وەزیران ئامادە دەکەین. 



PM:03:55:30/07/2022