بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەكات و ئاماژە بەوە دەكات، پارتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن.
خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی (باسنیوز)ی نزیك لە حیزبەكەی راگەیاندووە "وەك سەرۆك بارزانی باسی كردووە، هەر كاتێك كۆمسیۆن ئاماده بێت و لایەنە سیاسییەكان و پەرلەمان ئاماده بن بۆ هەڵبژاردن، پارتی ئامادەیە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "ئێمە وەكو پارتی ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و هیچ كێشەیەكمان نیە، بەڵام كۆمسیۆن شەش مانگی پێویستە و ئێستا دوو مانگمان ماوە بۆ 1ی 10، بۆیە ئەستەمە لەو كاتەدا هەڵبژاردن بكرێت، چونكە هەندێك بڕگە هەیە دەستی بۆ دەبەن، وەك نوێكردنەوەی كۆمسیۆن و بابەتی بایۆمەتریی عێراق، بۆیە ئەمساڵ رەنگە هەڵبژاردن نەكرێت، چونكە ماوەیەكی كەم ماوە، بەڵام هەركاتێك كۆمسیۆن و پەرلەمان ئامادە بن، پارتی بۆ هەڵبژاردن ئامادەیه."
هەروەها وتویەتی "دوای هەر هەڵبژاردنێك پارتی بۆ رۆژی دواتر دیراسە دەكات و دەست بە ئامادەكاری دەكات بۆ هەڵبژاردنی دوایی و ئەنجامەكان و ئەدای جەماوەر و پابەندبوونی خەڵكەكەمان بە دەنگدان هەڵدەسەنگێنێ، ئێمە كار دەكەین بۆ ئەوەی كۆسپەكانی بەردەم هەڵبژاردنی داهاتوو چارەسەر بكەین، دوای كۆتایی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی عێراق، ئێمە چاومان بۆ نزیكترین هەڵبژاردن هەڵبڕی، ئەویش پەرلەمانی كوردستانە و ئێستاش خۆمان بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئامادە كردووه."
خەسرەو گۆران وتیشی "لایەنەكانی دیكە نایانەوێت هەڵبژاردن بكرێت، ئەوە خۆیان دەزانن، دەبێت پەرلەمان دیاریی بكات كێن ئەو لایەنانەی رێگرن لەبەردەم هەڵبژاردندا."