ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی دروستكردنی ٢٠ ھەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە قۆناغی كۆتاییدایە و ئەم مانگە دەست بە دروستكردنیان دەكرێت.
محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە "ھەنگاوەكانی دەستپێكردنی دروستكردنی ٢٠ ھەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە قۆناغی كۆتاییدایە و لیژنەی بۆ پێكھاتووە و زەوی بۆ دابین دەكرێت لە ھەموو شارەكان و لەگەڵ وەبەرھێنەران قسەمان كردووە، بۆیە كاری زۆر باش كراوە و خەریكە كۆتایی پێدێت و دەست بە دروستكردنیان دەكرێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لە بەشێكی زۆری ناوچەكان زەوی دابینكراوە و ئەوەی دیكەش خەریكی دابینكردنین و بۆ وەبەرھێنەرانیش نامەمان بۆ ناردووە، كە بێن مەرجەكانی ئێمە بزانن بۆ ئەوەی دەست بە كارەكە بكەن، چونكە قیستی ئەو یەكانە زۆر كەمە كە ھەمووان توانای پێدانی قیستەكەیان دەبێت و لە بەرژەوەندی ھاوڵاتیانی خۆماندایە".
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وتویەتی "بۆ بابەتی قیستەكەش نامانەوێت ئێستا باسی لێوە بكەین ڕەنگە گۆڕانكاری بەسەردا بێت كە تەواو بێت رایدەگەیەنین، بەڵام ھەرچۆنێك بێت ئەم مانگە دەست بە دروستكردنی دەكرێت".