بەرپرسێكی پارتی وادەی رێككەوتنی لایەنەكان بۆ هەڵبژاردن ئاشكرا دەكات



بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەرفەت دراوە بە لایەنەكان تا مانگی ئەیلول خۆیان بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكلایی بكەنەوە.

نیازی حەمە عەزیز، بەرپرسی بەشی راگەیاندن و رۆشنبیری دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی (باسنیوز)ی نزیك لە حیزبەكەی راگەیاندووە "تائێستا یەكلا نەبووەتەوه‌ كە لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردنەكان رێك بكەون، بەڵام پارتی پرۆژەی خۆی هەیە لەبارەی بازنەكانەوە و لە كۆبوونەوەی لایەنەكاندا پێشكەشكراوە".

هەروەها روونیكردۆتەوە "بەشێكی دیكەی لایەنەكان باس لە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن دەكەن، كە پارتی لەمێژە داوای كردووە چارەسەری پرسی كۆمسیۆن، لەگەڵ پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكرێت، كە بەشێكیان دەیانەوێت هەمواری بكەنەوه،‌ بەڵام پارتی پێیوایە، ئێستا كاتی كەم لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەو پرسه،‌ تا بتوانرێت هەموار بكرێتەوە، لەسەر پرسی كورسیی كۆتاكانیش گفتوگۆ هەیە، پارتی پێیوایە دەبێت پێكهاتەكان خۆیان بڕیار بدەن و بەشێك لەلایەنەكانیش دەیانەوێت كورسییەكان دابەشی سەر پارێزگاكان بكەن”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لەدوایین كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، دەرفەت دراوە بە لایەنەكان، تا سەرەتای مانگی ئەیلوولی داهاتوو خۆیان یەكلا بكەنەوە، هەرچەندە ئاستەمە تا ئەو كاتە لایەنەكان بگەنە رێككەوتن، چونكە چەند لایەنێك مەرجی قورسیان داناوە، وەك هەمواری یاساكە و دەستكاریی كورسیی پێكهاتەكان، لەكاتێكدا وەك پارتی داوامان كردووە، كە دەستوەردان ئەو بابەتە نەكرێت، تا پێكهاتەكان خۆیان یەكلایی بكەنەوه”‌.

ئەو بەرپرسەی پارتی وتویەتی "لەسەر هەڵبژاردنەكانی عێراق كە سەدرییەكان داوایان كردووە، پارتی هەڵوێستی روونە، كە هیچ جۆرە رێگرییەك ناكات لەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێتەوه، بەمەرجێك لایەنەكان پابەند بن بە دەرەنجامی دەنگدان، پارتی ئامادەیی هەیە بۆ هەردوو هەڵبژاردنی عێراق و كوردستان”.





PM:03:44:14/08/2022